راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکان کاریگەری لە سەقامگیری گشتی نرخی ئەو دراوە ناکات لە عێراق، بەڵکو ئەو سەقامگیرییەی لە ئێستادا دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیەتی سەقامگیرییەکی راستەقینەیە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئامرازێکی نێودەوڵەتی هەیە کە چەند رێکارێک بە ناوی رۆڵی بانکی لە پارەدارکردنی داواکارییەکانی دۆلار بەسەر هەژمارە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق جێبەجێ دەکات، هەروەها ئامرازێکی ناوخۆیی هەیە کە سودمەند دەبێت لە کاریگەری ئامرازە دەرەکییەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج لە مامەڵەکانی دۆلاری کاش.
مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، هەژمونی سیستمی نرخی دۆلار لە عێراق جێگیرە و پشتی بەستوە بە یەدەگی نێودەوڵەتی کە ئێستا بەرزترین ئاستی مێژوی تۆمارکردوە، بە شێوەیەک دراوی بیانی 100٪ی دراوی هەناردەکراو پێکدەهێنێت.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی بەهێزی بازاڕی دراوی ناوەندیی فەرمی، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕە نا فەرمییەکان گرنگی و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر سەقامگیری گشتی بەهاکان، وەک دەبینرێت لە ئێستادا بەهای دۆلار لە بازاڕەکان جێگیرە.
راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەشکرد، سەقامگیری نرخی دۆلار، دینار بەرەو سەقامگیری دەرەکی دەبات، لە ئێستاشدا هەڵئاوسانی ساڵانە 3٪ تێپەڕناکات، ئەوەش لە راپۆرتی رێکخراوە دارایی و ئابورییە نێودەوڵەتییەکان دەرەدەکەوێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، بەهۆی هێزی یەدەگە بیانییەکانەوە پشتیوانییەکی باش لە دیناری عێراقی دەکرێت، لە ئێستادا یەدەگی دۆلاری عێراق 100 ملیارە، بازاڕی فەرمی دراو هەژمونی خۆی دەپارێزێت دژ بەو ژاوەژاوەی لە نێو بازاڕە نافەرمییەکانی دراو هەیە، کە بەهۆی روداوە سیاسییە نێودەوڵەتی و روداوە بەپەلە هەرێمییەکانەوە کاریگەری لەسەر خۆیان دروست دەکەن.
مەزهەر محەمەد ساڵح رونیکردەوە، سەقامگیری ئێستای دینار بەرامبەر بە دۆلار، سەقامگیرییەکی راستەقینەیە و ئەوەش بەهۆی هێز و کاریگەری ئامراز و سیاسەتی نەختینەیی و داراییە.