قەیس خەزعەلی، بە توندی ئیدانەی لەشکرکێشییەکانی ئەم دواییەی تورکیا دەکات بۆ سەر خاکی هەرێم و هۆشدارییەکی توندی لە هەوڵەکانی داگیرکاریی تورکیا دەرکرد و داوای کشانەوەی تەواوەتی سوپاکەی کرد لەناو خاکی عێراق.
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، لەبارەی هێرش و داگیرکاریی و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا ڕایگەیاند: ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر خاکی وڵاتی خۆشەویستمان دەکەین، هاوکات هەڵوێستی عێراق دووپات دەکەینەوە، کە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و لایەنی تر ڕەت دەکاتەوە، هۆشداری دەدەین کە تورکیا لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی بیانووی جیاواز بۆ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی وڵاتەکەمان.
خەزعەلی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت، کە کۆتایی بە داگیرکارییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بهێنرێت.
هەروەها خەزعەلی ڕایگەیاند ئاگادارکردنەوەیەکی بۆ تورکیا ناردووە، کە تێیدا هاتووە، “داوا لە تورکیای دراوسێ دەکەین کە ڕێز لە مافی دراوسێکان بگرێت و پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها هێزەکانی لە هەموو عێراق بکشێنێتەوە و دوای ئەوەش پشت بە عێراق دەبەستین بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکەمان.”