وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی چوار هەزار و 466 کەسی لە باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئۆپراسیۆنێکدا بە ناوی "چەمبەر-19" کە لە ماوەی پێنج رۆژدا لە 81 شاری باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچووە، چوار هەزار و 466 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
یەرلیاکایا ئاماژەی بەوەکردووە، چوار هەزار و 436 کەس لەوانەی دەستگیرکراون، کەسانی داواکراوبوون و هێزە ئەمنییەکان چەند مانگ و ساڵێکە بەدوایاندا دەگەڕێن. هاوکات 19 کەسیان زیاتر لە پێنج ساڵ و 11 کەسیشیان زیاتر لە 10 ساڵە هەڵهاتوون و بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زۆرینەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە دزیکردن، قاچاخچێتیی و بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.