فواد حسێن لە واشنتۆنەوە داوا دەكات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق بدۆزرێتەوە
  2024-07-12       300       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، داوا دەكات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق، بدۆزرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە لە واشنتۆن لەگەڵ جۆن باس، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری كارگێڕی و سیاسی كۆبۆتەوە.

لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق لە بوارە جیاجیاكاندا كردۆتەوەو ئاماژەی بە خواستی هاوبەش داوە بۆ پەرەپێدانی هاریكاریی سیاسی و ئابوریی نێوان هەردو وڵات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا چەند تەوەرێكی سەرەكی تاوتوێ كراون، لەوانە پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە عێراق و لەوبارەیەوە فواد حسێن جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی بەپەلەو "دادپەروەرانە" بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئێران كردۆتەوە بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەردولادا بێت و سەقامگیریی دارایی لە ناوچەكەدا بەهێز بكات.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە دۆخی غەززەو بەرفراوانبونی شەڕ بۆ باشوری لوبنان و جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كردۆتەوە بۆ راگرتنی شەڕو هێنانەدی ئاشتی لەناوچەكە.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا سەرنج خراوەتە سەر پتەوكردنی هاریكارییە ئابورییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق و لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق هێمای بۆ گرنگی پشتیوانیكردنی كەرتی دارایی و بانكیی عێراق كردوە لەگەڵ سەرنج خستنەسەر ئەو ئاڵەنگارییانەی پەیوەستن بە بەكارهێنانی دۆلار لە مامەڵە داراییەكانداو جەختیشی لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری ئابوریی عێراق و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، كردۆتەوە.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×