چوار كۆچبەر لە نۆكەندی ئینگلیز خنكان
  2024-07-12       263       

وتەبێژی پاسەوانی كەناراوەكانی فەرەنسا، ئەمڕۆ هەینی، ئاشكرایكرد، شەوی رابردو بەلەمێكی كۆچبەران لە نۆكەندی ئینگلیز ژێرئاوكەوتوەو بەهۆیەوە چوار كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: ئەو بەلەمەی كۆچبەران بەپێی قسەی وتەبێژی پاسەوانی كەناراوەكانی فەرەنسا، 67 كۆچبەری تێدا بوە، ویستویەتی لەڕێگەی نۆكەندی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا بپەڕێتەوە.

وتەبێژەكە ئاماژەی بەوەشداوە، شەوی رابردو بەلەمێكی هێزەكانیان ئاگاداركراوەتەوە كە بەلەمێكی كۆچبەران وەرگەڕاوەو هێزەكانیان چونەتە شوێنی روداوەكەو 63 كۆچبەریان رزگاركردون بەڵام نەتوانراوە چوار كەسیان رزگاربكرێن چونكە كاتێك دۆزراونەتەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەرو كەشتییەكی راو هاوكاربون لە رزگاركردنی 63 كۆچبەرەكەدا.

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی ئەمساڵدا تاوەكو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار كۆچبەر لەڕێگەی نۆكەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕیونەتەوە.

لەم هەفتەیەدا حكومەتە نوێیەكەی پارتی كرێكاران لە بەریتانیا پلانێكی نوێی داناوە بۆ روبەڕوبونەوەی كێشەی ئەو بەلەمە بچوكانەی بە نۆكەندی ئینگلیزدا كۆچبەران بەرەو بەریتانیا دەبەن.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتویەتی، لەماوەی چەند هەفتەی داهاتودا فەرماندەیەكی نوێ بۆ سەرپەرشتیكردنی ئاسایشی سنورەكان لە بەریتانیا دادەنرێت.

حكومەتی بەریتانیا چاوی لەوەیە كە فەرماندەیی نوێی ئاسایشی سنورەكان، پەڕینەوەی بەلەمە بچوكەكانی كۆچبەران بە نۆكەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا كەم بكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×