فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رەتیدەكاتەوە بەغدا هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان هەڵكردبێت و دەشڵێت، لە گفتوگۆكانماندا لەگەڵ لایەنی توركی تاوەكو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەمنی.
ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلحوڕە" باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم، هەوڵەكانی عێراق بۆ دانشتنی حكومەتی سوریاو توركیا لە بەغدا لەبارەی قەیرانی سوریا، پلانی سەركردەكانی حەماس بۆ هاتنیان بۆ عێراق و چەند پرسێكی دیكەی كردوە.
فواد حسێن لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەم دواییەی سوپای توركیا لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان، رەتیكردەوە "عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵكردبێت."
وتیشی، سوپای توركیا لە ساڵی 1991ەوە لە نێو خاكی عێراق و لە بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك بونی هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، پرسی بونی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق، یەكێكە لەو خاڵانەی كە بەم نزیكانە لە كۆبونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێ دەكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە كە لە گفتوگۆكانماندا لەگەڵ لایەنی توركی تاوەكو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، توركەكان "بونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بونی پەكەكەوە"و "كێشەی پەكەكە كە كێشەیەكی توركییە، ئێستا بۆتە كێشەیەكی عێراقییش، بۆیە دەبێت بەڕێگەی عێراقیانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت."
فواد حسێن جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە باوەڕمان بە چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەی توندوتیژیی نییە، لەگەڵ لایەنی ئێران گەیشتینە كۆمەڵێك رێككەوتن لە پەیوەست بە حزبە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێم، دەكرێت هەمان شێواز لەگەڵ توركیاو پەكەكە بەكاربهێنرێت."
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا باسی لەوە كردوە كە دەستپێشخەرییەكی وڵاتەكەی هەیە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرەو دیمەشق و پەیوەندییەكانیشیان لەو روەوە بەردەوامن.
وتوشیەتی، دوێنێ چوارشەممە لە واشنتۆن چاوی بە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كەوتوە لەپێناو رێكخستنی دیدارێك لە بەغدا بۆ لایەنی توركی و سوری.
جەختیشی كردۆتەوە كە بەردەوامن لە پەیوەندیكردن لەگەڵ لایەنی سوری و "وادەیەك بۆ ئەو دیدارە لە بەغدا رێكدەخەین."
فواد حسێن پێشی وایە كە ئەگەر بەهۆی نێوەندگیرییەكەی عێراقەوە لایەنی توركی و سوری بگەنە ئەنجامی گرنگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ نەك لەڕێگەی چارەسەری سەربازییەوە، ئەوا سەركەوتنی ئەو نێوەندگیرییە "رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت."
فواد حسێن لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە سەركردەكانی حەماس پلانی ئەوەیان هەیە كە قەتەر بەرەو عێراق جێبهێڵن وتی، "هیچ بڕیارێكی رەسمی نییە بۆ گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق…ئاگاداری بڕیارێكی لەمجۆرە نیم."