"حكومەتی عێراق دەستی بە هەنگاوەکانی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم کرد"
  2024-07-11       452       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق دەستی بە هەنگاوەكانی هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم كرد ئەوەش لەڕێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشەوە لەنێوان بەغداو هەولێر كە بڕیارە لەماوەی 60 رۆژدا بگاتە ئەنجام.

ئاوێنە: د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە درێژەی بەدواداچونەکانمان بەمەبەستی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بەیەکخستنەوەی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنی بە خانەنشینانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ لەبەغدا سەردانی ماهر حسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراقمان کرد، گفتوگۆمان کرد لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئێستادا لیژنەیەکی هاوبەش دروستکراوە کە نوێنەرایەتی هەریەک لەدەستەی خانەنشینی هەرێم و وەزارەتی کار و نوێنەرایەتی حکومەتی تێدایە، لیژنەکە بەبڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبەکاربون بۆ دیاریکردنی ئالیەتێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵ، بڕیار وایە لیژنەکە لەماوەی 60 ڕۆژدا بگاتە ئەنجام."

د. بڕیار رەشید وتوشیەتی"لای خۆیانەوە دەستەی خانەنشینی عێراق بەڵێنیاندا کە هاوکار و ئاسانکاربن بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×