شەوی ڕابردوو لە ڕێی سەرۆکوەزیرانەوە یەکەم هەڵوێستی حکومەتی عێراق ڕاگەیاندرا بەرامبەر داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سوودانی ڕایگەیاندووە: ئێمە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکەکەمان ڕەتدەکەینەوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزاری ئەنجامدا لە بارەی پرسی ئاسایشی نیشتمانی و دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی سوپای تورک لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکاندا.
هەروەها باسی لەوەشکرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا سوودانی ڕایگەیاندووە، ئێمە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکەکەمان ڕەتدەکەینەوە.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕوونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دەرکردووە کە شاندێک بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ پێداچوونەوە بۆ دۆخی گشتیی و کۆک بوون لەسەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ئیدانەکردنی دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
ئامادەبووان لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە لە، ڕەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا و پێشێلکارییەکانی لە خاکی عێراق.
ئەنجومەنەکە داواشی لە توركیا کرد، ڕەچاوی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی بکات و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بکات لەسەر هەر بابەتێک کە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەبێت.
ئەنجوومەنی وەزاری بە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیاندووە، کە جەخت لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بکەنەوە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بکات.
دووپاتیشی کردەوە، حکومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی خاکەکەی و بەرگریکردن لە هاوڵاتییانی خۆی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتى تورکیا ئاستى داگیرکاریەکانى لە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە بەرزترین ئاستى خۆی و نزیکەى ٨٠ بنکەو بارەگای جێگیری لە سەر خاکی هەرێم کە لەڕووی دەستوورییەوە بەشێکە لە عێراق دامەزراندووە و بە هەزاران سەرباز و تانک و تۆپ و زرێپۆشى هێناوەتە هەرێم، بەڵام تا ئێستا حکومەتى هەرێم و عێراق بە کرداری هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.