وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، بۆریى ئاوى ئیفرازى سێی هەولێر چاککراوەتەوە و لە نزیکترین کاتدا ئاوى خواردنەوە دەگاتە ماڵان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دوای شکانی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازى سێ لە شاری هەولێر، لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێردا، بۆرییەکە چاكکرایەوە.
روونیشکراوەتەوە، وێستگەکە کەوتووەتەوە کار و لە نزیکترین کاتدا ئاوی خواردنەوە دەگاتەوە ئەو ماڵانەی، بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە کێشەی کەمئاوییان بۆ دروست ببوو.
دوێنێ چوارشەممە، بۆریى ئاوى ئیفرازى سێى هەولێر شکا و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاندبوو، بەهۆی شکانی بۆرییەکە زیاتر لە 12 گەڕەک بێئاو دەبن، داواشى کردبوو دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەست بە ئاوەوە بگرن.