لە بنكەیەكی دەنگدان لە هەڵەبجە گرژی دروست بو و نوێنەری لایەنەكان "بەپاڵ" كرانە دەرەوە
  2024-10-18       589       

نوێنەرانی بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان لە یەكێك لە وێستگەكانی بنكەیەكی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە دەڵێن، بەهۆی بردنە ژورەوەی مۆبایل و وێنەگرتنی فۆرمی دەنگدان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام بە پاڵ كراونەتە دەرەوە. بەرپرسی بارەگای بەرەی گەل لە هەڵەبجە دەڵێت، ئەمە بنكەی دەنگدان نییە، ئەمە مەڵبەندی 9ی شارەزوی یەكێتییە.

ئاوێنە: نوێنەری یەكگرتوی ئیسلامی لە وێستگەكەی هەڵەبجە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبەردەم بنكەكە راگەیاند، لێرە دەنگدەرەكان بە مۆبایل دێنە ژورەوەو وێنەی فۆڕمی دەنگدان دەگرن و دەیبەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە دەنگیان بە چ كاندیدێك داوە، ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی لەسەر ئەو دۆخە، لەسەر ئەوە ئێمەیان بە پاڵ كردە دەرەوە.

جەختیشی كردەوە "ئێمە نەهاتوینەتە دەرەوە بە پاڵ كراوینەتە دەرەوەو دەرگاكەیان بەڕودا داخستوین ناهێڵن بچینە ژورەوە."

ئاماژەی بەوەشدا "پڕۆسەكە زۆر فاشیلە."

هاوكات بەرپرسی بارەگای بەرەی گەل لە هەڵەبجە كە لەبەردەم بنكەكە ئامادە بو، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەنوسانی وت"ئەمە بنكەی دەنگدان نییە، ئەمە مەڵبەندی 9ی شارەزوی یەكێتییە."

وتیشی"نوێنەر رۆڵی نییە لەناو ئەو هەمو هێزە چەكدارەدا. بەرپرسە حزبی و حكومییەكان كە پلەدارن، خۆیان لێرە پڕۆسەكە بەڕێوەدەبەن، كۆمسیۆن بەڕێوەی نابات."

ئاماژەی بەوەشدا"ئێمە تانە لە پڕۆسەكە دەدەین بەپێی رێكارەكانی كۆمسیۆن."

ئەوەشی خستەڕو"كێشەكە لەسەر ئەوە دروست بوە كە مۆبایل رێگەپێدراو نییە ببرێتە ژورەوە بەڵام ئێستا رێگەدەدەن و مۆبایل دەبرێتە ژورەوە. ئێمە داوامان كردوە كە پڕۆسەكە وەكو خۆی بڕوات بەڕێوەو خەڵك ئازادانە دەنگی خۆی بدات."

بەبڕوای بەرپرسەكەی بەرەی گەل "لە دەنگدانی گشتی ئەمە دوبارە نابێتەوە، ئەمە هێزی چەكدارن و بوە بە عەسكەرتارییەت. ئەم پڕۆسەیە ئەگەر لە مەڵبەندی یەكێتیش بەڕێوەبچوایە لەمە باشتر ئەبو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×