حاكم عومەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە باشی بەڕێوەدەچێت و جەختیش دەكاتەوە كە رێژەی ساختەكاری سفرەو دەشڵێت، بردنە ژورەوەی مۆبایل بۆ بنكەكانی دەنگدان قەدەغەیە.
ئاوێنە: حاکم عومەر، ئەمڕۆ هەینی، لە بنکەی دەنگدانی کەرنەڤاڵ لە هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، وتی، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا بە باشی بەڕێوەدەچێت و وتیش، پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت تا سەعات 7ی ئێوارە.
سەرۆكی كۆمسیۆن داواشی لە دەنگدەران كرد ئارامی پڕۆسەكە بپارێزن و گرژی دروست نەكرێت.
لەبارەی هەواڵی بردنە ژورەوەی مۆبایل بۆ بنكەكانی دەنگدان حاكم عومەر وتی"ئێمە پەیوەندیمان كردوە لە سەرتاسەریی هەرێمی كوردستان قەدەغەیە مۆبایل بۆ بنكەكانی دەنگدان ببرێتە ژورەوە. ئەو هەواڵەی لەوبارەیەوە بڵاوبوەتەوە راست نییە، لە هەمو شوێنێك بردنە ژورەوەی مۆبایل قەدەغەیە. "
لەبارەی بنكەكەی هەڵەبجە، وتی، وابزانم یەكێك لە چاودێرەكان مۆبایلی بردۆتە ژورەوەو رێگەیان لێگرتوە.
لەبارەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری هەندێك دەنگدەر سەرۆكی كۆمسیۆن وتی، ئەوانەی كە بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان كردوە لەوێ سەلمێنراوە كە پەنجەمۆریان نییە، ئەوانە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.
جەختیشی كردەوە كە رێژەی ساختەكاری سفرەو بەهیچ شێوەیەك رێی تێناچێت، ئێمە رێكاری توندومان بۆ ئەوە گرتۆتەبەر.