باڵیۆزی ئەمریکا بۆ حکومەتەکانی هەرێم و عێراق: فشار لە ئاوارەکان مەکەن
  2024-07-10       246       

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، چەندین خێزانی ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان لەبەر ئەوەی ئاسایشی بۆ دابین نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستە هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت بە ئاڕاستەیەک کار بکەن، کە فشار لە ئاوارە و پەناخوازەکان نەکرێت لە کەمپەکان بمێننەوە یاخود بە زۆر رەوانەی ناوچەکانی خۆیان بکرێنەوە.

ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە رێورەسمی رێکخستنی کاروباری پەناخوازان کە لە هەولێر بەرێوەچو رایگەیاند، دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە 1.5 ملیۆن پەناخواز کردوە، ئەمریکاش لە ساڵی 2003ەوە بە بڕی ملیارێک دۆلار هاوکاری پەناخوازانی عێراقی کردوە و لە سەردەمی داعشیش بە بڕی 3.5 ملیار دۆلاری دیکە هاوکاری رەوانە کراوە.

باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا پشتیوانی بەهێز لە سەرانسەری عێراق و جیهان دەکات بۆ هاوکاری پەنابەران و ئاوارەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت رۆڵی خۆی هەبێت لە پاراستنی پەنابەر و ئاوارەکان تاوەکو شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت.

ئەوەشی خستەڕو، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاری پەنابەرانی عێراق بکات، چونکە لە مەترسیدان، سەرەڕای بەردەوامی کار و هەوڵەکان، چەندین خێزانی ئاوارە هەن ناتوانن بگەرێنەوە ناوچەکانی خۆیان چونکە ناوچەکانیان ئاسایشی بۆ دابین نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن ئەو ئاوارانە بە رێز و شکۆوە رەوانەی ناوچەکانی خۆیان بکرێنەوە، نەک فشاریان لێبکرێت کە لە کەمپەکانیان بمێننەوە یان بە زۆر بگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئالینا رۆمانۆوسکی باسی لەوەشکرد، ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان و عێراق کە نائارامن بۆ ئاوارەکان، دەبێت کاری زیاتری بۆ بکرێت کە ئاسایشی بۆ دابین بکرێت تاوەکو ئاوارەکان بە سەلامەتی بتوانن بۆی بگەڕێنەوە، دەبێت حکومەتەکانیش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو ئاڕاستەیە کار بکەن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×