ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند: دادگای تاوانەكانی كەرخ, سزای لە سێدارەدانی بەسەر هاوسەرەكەی ئەبوبەكر بەغدادی, سەرۆكی پێشوتری رێكخراوی داعشدا سەپاندووە, بە تاوانی كاركردنی لەگەڵ رێكخراوێكی توندڕەو و دەستبەسەركردنی كچانی ئێزدی لەماڵەكەیدا.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنەكە, لە بەیانامەیەكدا ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو ژنە تیرۆرستە, كچانی ئێزدی لەماڵەكەی دەستبەسەركردووە, كە لەلایەن چەتەكانی داعشی تیرۆرستەوە لە قەزای شەنگال رفێنراون.
ئەسما محەمەدی هاوسەری بەغدادی, بۆ یەكەمجار دوای دەستگیركردنی, لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا دەركەوت و, باسی لە وردەكاریی ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ سەرۆكی پێشوی رێكخراوی داعشدا كرد, خۆی بێبەریكرد لە هەموو ئەو تاوانانەی بەغدادی ئەنجامیداوە.
ئەسما, كە هاوسەری یەكەمی بەغدادی بوو, لە ساڵی (2018)دا, لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاو,ە لە پارێزگاری هاتای هاوسنوری سوریا دەستگیركرا, بەڵام تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2019) دەستگیركردنەكەی رانەگەیەندرا.