لە دیالە بەهۆی خواردنی چێشتخانەیەكەوە ٧٠ كەس ژەهراوی بوون
  2024-07-10       152       

بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی پارێزگای دیالە چێشتخانەیەكی داخست، كە بەهۆی خواردنەکەیەوە ٧٠ كەس ژەهراوی بوون، دەشڵێن، ئەو كەسانەی ژەهراوی بوون لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

فارس عزاوی بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندرووستی دیالە لە بارەی ژەهراوی بوونی دەیان كەس و داخستنی چێشتخانەیەك بەهۆیەوە، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

فارس عزاوی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو چەندین هاوڵاتیی لە چێشتخانەیەكی ناو شارۆچكەی مەنسووریەی سەر بە پارێزگای دیالە نانیان خواردووە.

دەشڵیت، بەهۆی خواردنی چێشتخانەكەوە ٧٠ كەس ژەهراوی بوون، بەڵام هەموویان لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدانیش تۆمار نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر چێشتخانەكە گیراوەتەبەر و داخراوە و فەرمانی دەستگیركردن بۆ خاوەنى چێشتخانەكەش دەرچووە.

ئەوەشى خستەڕوو، نمونەی خواردنی چێشتخانەكە بۆ پشكنین و دیاریكردنی هۆكارەكانی پشت ژەهراویكردنەكە وەرگیراوە.

جێگای ئاماژەیە، ئەمە یەكەم حاڵەتی ژەهراوی بوونی بەكۆمەڵ نییە لە عێراقدا، لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەهەمان شێوە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا لە شارۆچكەی حەویجە بەهۆی خواردنی نانی چێشتخانەیەكەوە بە دەیان كەس ژەهراویی بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×