رۆیتەرز: ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستی لە نزیک تاران زیاتر کردووە
  2024-07-09       161       

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە دوو بنکەی مووشەکیی سوپای پاسداران لە نزیک تاران، کار بۆ بەرهەمهێنانی زیاترى مووشەکی بالستی دەکرێت.

ئاژانسەکە ئاماژە بەوەکردووە، بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، زیاتر لە 30 باڵەخانەى نوێ لە بنکە مووشەکییەکانی خەجیر و مودەڕسی سوپای پاسداران لە نزیک تاران دروستکراون و دەوروبەری باڵەخانەکان گڵێکی زۆریان تیادا هەڵدراوەتەوە.

روونیشکراوەتەوە، دروستکردنی ئەو باڵەخانانە بۆ ئەوەیە، مووشەکی بالستی زیاتر بەرهەمبهێنرێن و بە هەڵدانەوەی گڵیش بە دەوری تەرەکاندا، ئەو تەلارانە لە شەپۆلی تەقینەوەی مووشەکەکان لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەپارێزن.

ئەو دوو بنکە مووشەکییەی ئێران، بە دوو لە بنکە مووشەکییە گرنگەکانی ئێران دەناسرێن و بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، فراوانکردنی ئەو دوو بنکە مووشەکییەی سوپای پاسداران پەیوەندیی بە رێککەوتنی دوو ساڵ پێشترى نێوان ئێران و رووسیا هەیە، کە بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە مووشەک لە ئێران دەکڕێت.

 13 ساڵ پێش ئێستا لە بنکەی مودەڕس، کە غەدیریشی پێدەوترێت و دەکەوێتە 50 کیلۆمەتری رۆژئاوای تاران، تەقینەوەیەک روویدا کە حەسەن تێهرانی موقدەمی تیادا کوژرا، ئەو موقەدەمە بە باوکی مووشەکیی ئێران دەناسرێت. هەروەها ساڵى 2019ەش تەقینەوەیەکی دیکە لە بنکەی خەجیر روویدا.

سەرچاوەکە باسی ئەوەیکردووە، مەزەندە دەکرێت ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار مووشەکی جۆراوجۆری هەبێت، کە بەشێکیان توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×