هۆشداری لەبارەی بەرزبونەوەی زیاتری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەدرێت
  2024-07-08       576       

زیا تائی، نوێنەری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی كە رێكارێكی نوێی بانكی ناوەندی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیاتر بەرزدەكاتەوەو دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتودا بەهای 100 دۆلار دەگاتە زیاتر لە 160 هەزار دینار.

ئاوێنە: زیا تائی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق رێكارێكی نوێی گرتۆتەبەر كە بەگشتی زیانی بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەگەیەنێت و ئەوەش لەدوای ئەوەی بانكەكە، تەنیا چوار كۆمپانیای دیاریكردون بۆ ئەوەی لە فڕۆكەخانەكان كاربكەن بەمەبەستی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.

وتوشیەتی، 1200 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن بەڵام بانكی ناوەندی، تەنیا حەوت لەو كۆمپانیایەی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیان دیاریكردون و هەروەها تەنیا چواریان لە فڕۆكەخانەكانن.

نوێنەری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق راشیگەیاندوە، گەیشتوینەتە قۆناغی راگرتنی كاركردن، چونكە ئەم رێكارە لە چەند رۆژی داهاتودا نرخی دۆلار بۆ 160 هەزار دینارو زیاتریش بەرزدەكاتەوە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە حەوت رۆژ بەر لە جێبەجێكردنی ئەو رێكارە، بەهای 100 دۆلار بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 150 هەزار دینار.

جەختیشی كردۆتەوە كە كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بە ئامادەبونی تیمی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە دەكرێت، كۆمپانیاكانی دراو چەند داواكارییەكیان هەیە، لە ئەگەر جێبەجێ نەكردنیاندا، كاركردن رادەگرین و خۆپیشاندان لە بەردەم بانكی ناوەندی دەكەین و هەروەها سكاڵای خۆمان دەگەیەنینە لیژنەی دارایی پەرلەمان.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەكاتی داخستنی بازاڕەكانی دراودا لە هەرێمی كوردستان بەهای 100 دۆلار بۆ زیاتر لە 150 هەزار دیناری عێراقی بەرزبوەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×