وادەى کۆبوونەوەکانی متمانەدان بە کابینەکەى مەسعود پزیشکیان دیاریکرا
  2024-07-07       297       

ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "کۆبوونەوەکانی پێداچوونەوە بە بڕوانامە و متمانەدان بە وەزیرانی کابینەکەى مەسعود پزیشکیان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەدەچێت".

موجتەبی یوسفی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ئاماژەى بەوە کرد "رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی نۆیەمین سەرۆککۆمار رۆژی 14 یان 15ـى ئاب بەڕێوەدەچێت و دوای ئەوەش کات لە بەردەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو دەبێت بۆ پێشکەشکردنی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی کابینەکەی بە پەرلەمان، متمانەدان پێیان لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەدەچێت".

یوسفی دەڵێت، "دانیشتنی گشتی پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە و دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان لە نوێنەرایەتی خەڵکی تەورێز بەگوێرەی یاسا دەبێت بەڕێوەبچێت و لەرۆژی یەکشەممە 31ی تەمووز بەڕێوەدەچێت.

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی مادەی 90 و 93 له پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، نوێنەری دەستلەکارکێشاوە 30 خولەکی دەبێت، بۆ روونکردنەوەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی، دواتر لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت".

دواتر بە گوێرەی مادەی 121ـى دەستوور، سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای دادوەری و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور بەڕێوەدەچێت، لە پەرلەمان سوێندی سەرۆکایەتی دەخوات.

5ـى تەمووزی 2024 لە خولی دووەمی، چواردەیەمین خولی سەرۆکایەتیی ئێران مەسعود پزیشکیان بەربژێری نەریتخوازەکان توانی بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگ ببێتە نۆیەم سەرۆککۆماری ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×