کیەر ستامەر، سەرۆكی پارتی كرێكاران، دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە یەكەم وتەیدا رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە راستەوخۆ دەست بە گۆڕانكاری دەكەن و هەوڵی ئەوە دەدەن كە متمانەی خەڵك بە حكومەت بەدەستبهێننەوە.
ئاوێنە: كیەر ستامەر، دوی ئەوەی ئەمڕۆ هەینی، لەلایەن شا چارلزی سێیەمەوە، وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا دیاریكرا، یەكەم وتاری خۆی پێشكەش كرد.
ستامەر سەرەتای قسەكانی بەوە سوپاسكردنی ریشی سوناك، سەرۆك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا دەستپێكرد.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش وتی"وڵاتەكەمان بەشێوەیەكی یەكلاكەوە دەنگی دا بۆ گۆڕانكاری و گەڕانەوەی سیاسەت بۆ خزمەتی گشتی."
ئەوەشی خستەڕو، ئەو كەلێنەی لەنێوان خەڵك و سیاسییەكاندا گەورە ببو، گەلەكەمانی ماندو كردبو. جەختیشی كردەوە، بێ متمانەییی تەنیا لەڕێگەی كردەوەكانەوە چارەسەر دەكرێت نەك قسەكردنەوە.
ستامەر وتیشی، ئەگەر دەنگت بە پارتی كرێكاران داوە یان نا، بەتایبەت بۆ ئەوانەی دەنگیان پێ نەداوین، راستەوخۆ پێیان دەڵێم، حكومەتەكەم خزمەتتان دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا، كە گۆڕانكارییەكان كەمێك كاتییان پێویستە بەڵام لە ئەمڕۆوە دەستبەجێ دەست دەكەن بە كاركردن بۆ گۆڕانكاری.
وتیشی، ئەگەر ئێستا لە خەڵك بپرسی كە پێتانوایە لەداهاتودا بەریتانیا شوێنێكی باشتر دەبێت بۆ منداڵەكانتان، زۆربەیان دەڵێن نەخێر، بەڵام حكومەتەكەی من هەوڵ دەدات جارێكی دیكە خەڵك بگەنە ئەو باوەڕەی كە بەریتانیا شوێنێكی باشتر دەبێت و متانەیان بە حكومەت بەدەستبهێننەوە.