سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگدانی گەڕی دوەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران دەستی پێكردو هەردو كاندیدی براوەی گەڕی یەكەم كێبڕكێ دەكەن بۆ ئەوەی ببنە سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە.
ئاوێنە: سەعات 8ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگدانی گەڕی دوەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران دەستی پێكردو مەسعود پزیشكیان و سەعید جەلیلی كە هەردوكیان كاندیدی براوەی گەڕی یەكەم بون، كێبڕكێ دەكەن بۆ ئەوەی ببنە سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە.
لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا كە هەفتەیەك لەمەوبەر بەڕێوەچو، هیچ یەك لە كاندیدەكان نەیتوانی بو لە نیوە زیاتری دەنگەكان بەدەستبهێێت و بەوەش هەڵبژاردنەكە كەوتە گەڕی دوەم لەنێوان ئەو دو كاندیدەی كە زۆترین دەنگیان بەدەستهێناوە.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگای هەڵبژاردنی ئێران، لەسەدا 40ی دەنگدەران لە گەڕەكی یەكەمدا بەشدارییان كردوە، لە گەڕی دوەمدا ئەوانەشی پێشتر دەنگیان نەداوە مافی دەنگدانیان هەیە.
عەلی خامەنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لە خولەكەكانی سەرەتای دەستپێكردنی دەنگداندان، دەنگی خۆی خستە نێو سندوقی دەنگدان و پاش ئەوە بە رۆژنامەنوسانی وت، بیستومە ئەمجارە جۆش و خرۆشی خەڵك بۆ دەنگدان زیاترە لە جاری پێشو.
خامەنەیی دو رۆژ لەمەوبەر، رێژەی بەشداریی خەڵكی لە دەنگدانی گەڕی پێشو بە كەمتر لەوەی چاوەڕێیان كردوە ناوبردو داوای كرد لە هاوڵاتیان كرد بەشدارییەكی زیاتر بكەن لە گەڕی دوەمداو وتیشی"هەر كەسێك پێی وایە كە ئەوانەی دەنگیان نەداوە، بەهۆی ئەوەیە كە دژی رژێمەكەن، زۆر هەڵەیە."
مەسعود پزیشكیان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا توانیبوی زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگ و سەعید جەلیلی زیاتر لە 9 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنابو.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی ئێران دوای ئەوە دێت كە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری پێشوی ئەو وڵاتە لە روداوی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەیدا گیانی لەدەستدا.