بانكی ناوەندیی عێراق لەبارەی رێكارێكی نوێ بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی رەسمی بە گشتیاران رایگەیاند، پێدانی دۆلار بە گەشتیاران تەنیا لە فڕۆكەخانەكان دەبێت و ئەو رێكارەش لە 14ی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێت.
ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئامانج لەو رێكارە نوێیەی كە لە رۆژی 14ی تەمموزەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن ئەوەیە كە دۆلار بە مامەڵەیەكی تەندروست بگاتە دەست گەشتیاری راستەقینە، وێرای خێراكردنی شێوازی گەیاندنی دۆلار بە گەشتیاران.
بانكی ناوەندیی عێراق وتوشیەتی، رێكارە نوێیەكە ئەوەیە كە گەشتیار دەبێت پێشتر لە یەكێك لە كۆمپانیا رێگەپێدراوەكانی ئاڵوگۆڕی دراوە بە دینار بڕی ئەو پشكەی كە دەدرێتە گەشتیار دابنێت و پاشان كۆمپانیاكە ناو و زانیاری گەشتیارەكە لە سەكۆی ئەلیكترۆنی تایبەت بە بانكی ناوەندی تۆماردەكات و پسوڵەیەكی دەداتێ كە رادەستكردنی بڕە دینارەكە پشتڕاستدەكاتەوەو لەبەرامبەردا گەشتیار دوای تەواوكردنی رێكارەكانی گەشتكردن لە فڕۆكەخانە دۆلاری كاشی دەدرێتێ.
ئەوەشی خستۆتەڕو، بڕیاردراوە رێگە بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بدرێت كە لە هەفتەیەكدا زیاتر لە پشكێك دۆلار بدەنە گەشتیاران.