ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانى بەریتانیا دەستی پێكرد، دەسەڵات لە نێوان پارێزگاران و كرێكاران یەكلایی دەكرێتەوە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەریتانیا ٣٢٩ حزب تۆمار كراون، ئەو لایەنانە كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانى ٦٥٠ كورسی پەرلەمانی دەكەن.
میدیا جیهانییەكان بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمڕۆی پەرلەمانى بەریتانیا دەکەن و لەو بارەیەوە زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەى پەرلەمان لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، هەریەكە لە پارتی پارێزگاران كە ١٤ ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە و پارتی كرێكاران بە ڕكابەری سەرەكی هەڵبژاردنەكە دادەنرێن.
دەشڵێن، بەریتانیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە چەندین قەیراندا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەی پارێزگارەكان لە دەسەڵات بوون پێنج جار سەرۆك وەزیرانیان گۆڕیوە، پێشبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتی كرێكاران ببێتە پارتی دەسەڵاتدار.
باس لەوەشکراوە، دوای چەندین قەیران و ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی و گۆڕانی سێ سەرۆكوەزیران لە ماوەیەكی كەمدا، دواجار هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا ئەمڕۆ دەستی پێکرد و خەڵكی ئەو وڵاتە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن، بەجۆرێک پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گۆڕانکارى گەورە ڕوو بدات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا پێنج ساڵ جارێك بەڕێوە دەچێت، هەروەها پەرلەمانی بەریتانیا لە ٦٥٠ ئەندام پێك دێت، دەنگدەران لە ٦٥٠ بازنەی هەڵبژاردنى ئینگلاند، سكۆتلاند، وێڵز و ئێرلەندای باكوور دەنگ دەدەن، بۆ ئەوەی حزبێک بتوانێت بەتەنها حكوومەتی داهاتوو پێك بهێنێت، پێویستە لانیكەم ٣٢٦ كورسی بەدەست بهێنێت و لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەریتانیا ٣٩٢ پارت تۆمار كراون و كێبڕكێیانە.
جێگەى ئاماژەیە، دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى بەریتانیا لە كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچووە و ڕێژەی بەشداریی لە ٦٧.٣٪ بوو، پارتی پارێزگاران كە ١٤ ساڵە پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیایە و پارتێكی ڕاستڕەوە خاوەنی ٣٤٤ كورسییە، هەروەها پارتی كرێكاران كە پارتێكی چەپڕەوە و خاوەنی ٢٠٥ كورسییە و لەم هەڵبژاردنە ڕكابەریی سەرسەختی پارێزگارەكان دەكات.