ئهمریكا عێراقی خسته ناو لیستى وڵاته قهدهغهكراوهكانهوه، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هۆشدارینامەیەکی ئاراستەی هاوڵاتییان کردوەو داوایان لێدەکات سەردانی 19 وڵات نەکەن، عێراقیش یەکێکە لەوڵاتەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریداوەتە هاوڵاتییەکانی کە خۆیان لەگەشتکردن بۆ 19 وڵات بپارێزن کە شەش وڵاتیان عەرەبینو عێراقیش یەکێکە لەوڵاتەکان.
بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی هەبونی هەڕەشەو مەترسی تیرۆر، ڕفاندنو مەترسی لەسەر ژیانیان هاوڵاتییانی ئەمریکا نابێت سەردانی عێراق، لیبیا، سوریا، سۆماڵ، یەمەنو سودان بکەن.
هەر لەلیستەکە، وەزارەتی دەرەوە هۆشداریداوەتە هاوڵاتییانیو ئاگاداریاندەکاتەوە کە سەردانی ئێران، بیلاڕوس، ڕوسیا، ئەفغانستان، کۆریای باکور، ئۆکرانیاو ڤەنزوێلاش نەکەن.
بەهۆی درێژەکێشانی شەڕی غەززەو هەڕەشەکانی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ باشوری لوبنان هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەترسیدارتر کردوەو دوو ڕۆژی ڕابردوو بەرەی مقاوەمەی بەناو ئیسلامی، لەعێراق هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکاو بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەعێراق ڕاگەیاند.
بەرەکە لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوتەوە، لەئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشەکانیان ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنکە، سەربازگەو بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق دەستپێدەکەنەوە، ئەمەش هەڕەشەو مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گیانی هاوڵاتییانی ئەمریکا ئەگەر گەشتی عێراق بکەن.
هەروەها لەحوزەیرانی ڕابردودا چەندینجار گروپە میلیشیاکان پەلاماری خواردنگە بیانییەکانیاندا لەبەغدا، بەتایبەت زنجیرەی خواردنگە براندەکانی ئەمریکاو بەهۆیەوە بەشێکیان داخران.