فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی "نەینەوا موەحەدە" ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد
  2024-07-02       753       

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، هەردو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی "نەینەوا موەحەدە"، ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد، ئەوەش دوای ئەوەی گۆڕانكاری لە پۆستی 14 قائیمقامیەت و ناحیەی سنوری نەینەوا لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگیان لەسەردرا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبونی 16 ئەندام لە كۆی 29 ئەندام، گۆڕانكاری لە پۆستی 14 قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەی سنورەكەدا كرد.

پارتی و فراكسیۆنی نەینەوا موەحەدە، كە 13 كورسی ئەنجومەنەكەیان هەیە، بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

لەدوای ئەو گۆڕانكارییانە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە هەردو فراكسیۆنی پارتی و نەینەوا موەحەدە، هەڵپەساردنی ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنەكە راگەیاند ئەوەش بە پاساوی "نایاساییبون"ی دانیشتنەكەو دیاریكردنی ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیانە.

لە گۆڕانكارییەكاندا، سەیدۆ ئەحمەد بە قائیمقامی نوێی شەنگال هەڵبژێردرا. 

هەروەها بەپێی میدیای یەكێتی لە گۆڕانكارییەكاندا سێ پۆست بەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتون بەشێوەیەك كە سەردار مەخموری بۆ پۆستی قائیمقامی مەخمور و داود شێخ جندی بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ و یاسر شێخ عەساف بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ هەڵبژێردراون.

نەینەوا موەحەدە، لە پێكهاتەی سونەیەو كوڕەكەی نەجم جبوری، پارێزگاری پێشوی نەینەوا سەرۆكایەتی دەكات و خاوەنی زۆرترین كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە بو تا ئەو كاتەی پێنج لە ئەندامەكانی لە فراكسیۆنەكە كشانەوەو چونە پاڵ هاوپەیمانی "نەینەوا مستەقبەل" كە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانەوە نزیكە. 

نەینەوا موەحەدە لە ئێستادا خاوەنی 9 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش خاوەنی 4 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×