ڕاستڕەوی توندڕەوی فڕەنسا بە سەرۆکایەتی جۆردن باردێلا، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنە مێژوییەكهی یاسادانانی فڕەنسادا بە جیاوازییەکی زۆر پێشەنگی گرتوە و ڕەنگە بۆ یەکەمجار بێتە سەر دەسەڵات، ئهوهش بەپێی یەکەم خەمڵاندنەکانی ناوەندەکانی ڕاپرسی. بەڵام ئەنجامی کۆتایی کە هێشتا پێشبینیکردنی قورسە، پەیوەستە بە بانگهشهی سیاسییەوە کە بۆ چەند ڕۆژێک بەر لە خولی دوەمی هەڵبژاردن کە بڕیارە هەفتەی داهاتو ئەنجام بدرێت بەردەوام دەبێت.
پارتی کۆماری (ڕاستڕهوی پارێزگاران) کە نزیکەی 10%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ڕەتیکردەوە لە خولی دوەمی هەڵبژاردنەکاندا داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەکەی بکات کە دەنگ بە دژی "گردبونهوهی نیشتمانی" بدەن، سەرکردایەتی پارتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەنگدەران ئازادن لە هەڵبژاردنی خۆیاندا، ئێمە ڕێنمایی دەرناکەین و ڕێگە بە فڕەنسییەکان دەدەین لەسەر بنەمای ویژدانی خۆیان رای خۆیان دەرببڕن".
ڕاپرسییەکانی بۆچونەکان کە لەلایەن ئیپسۆس، ئیفۆپ ئەنجامدراون، دەریانخستوە، کە پارتی گردبونەوەی نیشتمانی نزیکەی 34%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
پارتەکە لە پێش ڕکابەرە چەپ و ناوەندگەرەکانیەوەیه، لەنێویاندا هاوپەیمانی "پێکەوە" کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕهنسا سهرۆكایهتی دهكات ڕێژەی 20.5% بۆ 23%ی دهنگهكانی بهدهستهێناوه، هەروەها ڕاپرسییەکان دەریانخستوە کە بەرەی جەماوەری نوێ کە هاوپەیمانییەکی چەپه و تازه پێکهێنراوە، 29%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئێستا هەفتەیەک ماوە بۆ خولی دوەم کە بڕیارە لە 7ی (تەمموز/7) ئەنجام بدرێت. ئەنجامی کۆتایی بەندە بەو ڕادەیەی کە لایەنەکان ئامادەن هێزەکانیان لە هەریەک لە 577 ناوچەی هەڵبژاردنی فڕەنسا لە خولی دوەمدا یەکبخەن.
سەرۆک ماکرۆن وڵاتەکەی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، دوای ئەوەی له ههڵبژاردنهكانی پهرلهمانی ئهوروپادا شكستیهێنا.
لە بەرامبەردا گابرێل ئاتال، سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا دوێنێ یەکشەممە داوای لە دەنگدەران کرد کە لە خولی دوەمی هەڵبژاردنە گشتییەکاندا تەنانەت یەک دەنگیش بە ڕاستڕهوی توندڕەو نەدەن، وتی، "ڕاستڕەوی توندڕەو لە لێواری دەسەڵاتدایە"، هۆشداریشیدا لەوەی کە ڕەنگە حزبەکە زۆرینەی ڕەها بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئامانجمان ڕونە: ڕێگریکردنە لە سەرکەوتنی پارتی گردبونەوەی نیشتمانی لە قۆناغی دوەمدا، نابێت هیچ دەنگێک بۆ پارتی گردبونەوەی نیشتمانی بچێت".