وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵ توانیویانە 31 ئەندامی جوڵانەوەی قوربان دەستگیربکەن، کە کەسانێکی توندڕەوبون لە رێگەی تیروپشکەوە کەسێکیان دیاری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.
ئەرشەد حاکم وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 دەزگاکەیان توانیویەتی کۆتایی بە یەکێک لە جوڵانەوە توندڕەوەکان بهێنێت کە خۆیان بە (قوربانییەکان) یان (عەلیهیەت) دەناساند.
ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی ئەو جوڵانەوەیە هەڵدەستان بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی توندەڕەوی، لە رێگەی تیروپشکەوە کەسێکیان دیاری دەکرد بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.
ئەوەشی خستەڕو، 31 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیە دەستگیرکراون و پێنج حاڵەتی خۆکوشتنی پەیوەست بەو دۆسیەیە لە پارێزگاکانی بەسرە، واست و ناسرییە تۆمارکراوە و هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
دەرکەوتنی جوڵانەوەی قوربان دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2022، جوڵانەوەیەکی توندڕەوە و لە رێگەی تیروپشکەوە کەسانی مێردمنداڵ و گەنج دیاری دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی خۆکوشتنەوە خۆیان بکەنە قوربانی لە ژێر ناونیشانی "قوربانی بۆ عەلی کوری ئەبی تاڵب".