دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی سێ دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
  2024-06-30       326       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی سێ دۆسیە کۆدەبێتەوە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، سکاڵایەکی ئیڤان فایەق، وەزیری‌ کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت کە لەسەر هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری‌ ناوخۆی هەرێم تۆماری کردووە و تێیدا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.

لە سکاڵای دووەم داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگانە دەکرێت کە لە یاسای باری کەسێتی تایبەت بە هاوسەرگری هەموارکراونەتەوە.

سکاڵای سێیەمیش پەیوەستە بە داواکارییەکی وەهاب باقی (هەڵەبجەیی)، بەڕێوەبەری دەزگای دژە تیرۆر (سلێمانی) کە تێیدا داوای بە نادەستووری دانانی ئەو سزایەی کردووە کە بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەریدا سەپێنراوە.

دوای کوژرانی ئەفسەرێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دادگای هەولێر بە تۆمەتی تێوەگلان لە ڕووداوەکەدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و پێنج کەسی دیکەی دەزگاکە دەرکرد.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×