وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژى داهاتوودا، مووچەى خانەنشینانى کرێکاران 150 هەزار دینار زیاد دەکات.
نەجم ئەلعقابی، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لە سەرەتاى مانگی تەممووزەوە دەستدەکرێت بە زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کرێکاران لە عێراق و بە گوێرەی خشتەیەکی دیاریکراو دەکەوێتە بواری جێبەجیکردنەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیادکردنەکە بەبڕی 150 هەزار دینار دەبێت و ئەو خانەنشینە کرێکارانە دەگرێتەوە کە مووچەکەیان نزیکەى 350 هەزار دینارە.
باسى لەوەشکرد، بەگوێرەى یاسا کەمترین مووچە 500 هەزار دینار دەبێت و زیاترین مووچەی دیاریکراویش بۆ کرێکارانى خانەنشین، 700 هەزار دینار دەبێت.
بە وتەى نەجم ئەلعقابی، ئەو زیادکردنە، مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.