هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران چوە گەڕی دوەم
  2024-06-29       446       

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران چوە گەڕی دوەم کە بڕیارە رۆژی 4ی تەمموز بکرێت و ركابەرییەكەش لەنێوان مەسعود پزیشكیان و سەعید جەلیلی دەبێت.

ئاوێنە: موحسین ئیسلامی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، لە کۆی 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 دەنگی راستی جیاکراوە، مەسعود پزیشکیان، كاندیدی ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێناوە؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشوتری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردوەتەوە.

وتیشی، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێناوە و مستەفا پورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێناوە.

 بەگوێرەی مادەی 117ی دەستوری ئێران، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا پێویستە كاندید (50+1%)ی دەنگەکان بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار.

 موحسین ئیسلامی وتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەنێردرێتە ئەنجومەنی پاراستنی دەستور و دوای پشتڕاستکردنەوەی، یەکەم هەینی دوای هەڵبژاردن (4ـی تەمموز)، گەڕی دوەم لەنێوان دو كاندید کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە دەکرێت، واتە لەنێوان پزیشکیان و جەلیلی. 

61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا هەبو کە دوێنێ هەینی بەڕێوەچو.

بەپێی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا نزیکەی 40 بوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×