ترەمپ "براوە"ی یەكەم دیبەیتی بو لەگەڵ بایدن
  2024-06-28       279       

شەوی رابردو یەكەم دیبەیتی تەلەفزیۆنی نێوان جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی كە ركابەری سەرسەختی یەكترن بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەو وڵاتە، بەڕێوەچو كە تێیدا هەریەكەیان ئەویدیكەی تۆمەتبار كرد بەوەی كە سەردەمی سەرۆكایەتییەكەی خراپترین سەردەمی سەرۆكایەتی بوە. چاودێرانی سیاسی و بینەران، ترامپ بە براوەی دیبەیتەكە دەزانن. 

ئاوێنە: دیبەیتەكەی نێوان ترامپ و بایدن، نزیكەی 100 خولەكی خایاند كە لەكەناڵی سی ئێن ئێن بەڕێوەچو. بەشێكی زۆر لە چاودێران و شرۆڤەكان ترەمپ بە براوەی دیبەتەكە دەزانن هاوكات بەپێی راپرسییەكان بینەرانی دیبەتەكەش هەمان شت دوپاتدەكەنەوە.

ترەمپ لە دیبەیتەكەدا هێرشی كردە سەر سیاسەتەكانی دەرەوەی ئیدارەكەی بایدن و رایگەیاند، ئەگەر خۆی سەرۆك بوایە جەنگی ئۆكرانیا روی نەدەداو حەماس-یش هێرشی نەدەكردە سەر ئیسرائیل و وتی"ئەزانن بۆ؟ چونكە ئێران لەسەردەمی مندا مایەپوچ ببو. من رێگەم نەدەدا هیچ كەسێك مامەڵە لەگەڵ ئێران بكات، پارەكانیان تەواو ببو و مایەپوچ ببون. هیچ پارەیەكیان نەبو بۆ حەماس. هیچ پارەیەكیان نەبو بۆ كاری تیرۆریستی."

لەبەرامبەر ئەوەدا بایدن وتی، بەدرێژایی تەمەنی هیندە "قسەی پوچ"ی گوێ لێ نەبوەو لە سەردەمی ترەمپیشدا ئێران هێرشی كردۆتە سەر ئهێزەكانی ئەمریكاو برینداریشی لە ریزەكانی سەربازانی ئەمریكا هەبوەو ترەمپ لەبەرامبەر ئەوەدا هیچی نەكرد.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ترەمپ بە براوەی ئاشكرای دیبەیتەكە دەزانن و یەكێك لەوانە ستیفانی مۆرفی، كە نوێنەری پێشوی دیموكراتەكانە لە كۆنگرێس، وتی، بەدرێژایی دیبەیتەكە لە چەند كاتێكدا، بەساڵاچونی جۆ بایدن بەتەواوەتی دەركەوت و كە "زۆر بەسەختی دەكرا بزانیت چی دەڵێت." و هەروەها رادنی دەیڤیس، نوێنەری پێشوی كۆمارییەكان لە كۆنگرێس وتویەتی، دیبەیتەكە "سەركەوتنێكی ئاشكرابو بۆ دۆناڵد ترەمپ."

هەردو ئەندامەكەی پێشوی كۆنگرێس پێیان وایە براوەی دیبەیتەكە دۆناڵد ترەمپ بو.

لە كۆتایی دیبەیتەكەدا رێگە بەهەردو كاندیدەكە درا، پەیامەكانی خۆیان پوخت بكەنەوە. ترەمپ قسەكانی بەوە دەستپێكرد كە بایدن ئەمریكا ناسەقامگیر كردوەو ناوبانگی وڵاتەكەی لەجیهاندا لەناوبردوەو لەبارەی دۆخی ناوخۆیش وتی"سێ ساڵ و نیوە ئێمە لەناو دۆخێكی دۆزەخیانەدا دەژین."

ترەمپ لەبەشێكی دیكەی قسەكانی كۆتاییدا وتی، ئێمە دوبارە مەزنی بۆ ئەمریكا دەگەڕێنینەوەو ئەم دۆخه بەردەوام نابێت و جارێكی تر رەخنەی لە سیاسەتەكانی دەرەوەو سیاسە سەربازییەكانی بایدن گرت و وتی، ئێمە زیاتر لەوەی بیری لێدەكرێتەوە، لە جەنگی جیهانی سێیەمەوە نزیكین.

بەپێی راپرسییەكی كە لەدوای دیبەیتەكە ئەنجام دراوە، لەسەدا  48٪ـی بینەرانی ئەو دیبەیتە رایانگەیاند، ترەمپ باشترە بۆ کاروباری سەرۆکایەتی ئەمریکا، لەکاتێکدا 23٪ـی بینەران بایدنیان پێ باشتربو. 7٪ـی هاوڵاتییە ئەمریکییەکانیش وتیان هەردو سەرۆکەکە ئاستیان یەکسان بوو.

 هەر لەو راپرسییەدا لەسەدا 67ی بینەران وتویانە ترەمپ دیبەیتەكەی بردەوەو لەسەدا 33ی بینەرانیش دەنگیان بە جۆبایدن داوە وەك براوەی دیبەیتەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×