سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگدانی ئێرانییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان دەستی پێكرد. چوار كاندید بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە كێبڕكێ دەكەن.
ئاوێنە: سەعات 8ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە كاتی تاران دەنگدان لە ئێران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی كۆمار دەستی پێكرد.
بەپێی قسەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، 61 ملیۆن كەس لەناوخۆی ئێران مافی دەنگدانیان هەیە، لە 100 وڵاتی جیهانیش سندوقی دەنگدان دانراون بۆ ئەوەی ئێرانییەكانی دەرەوەی وڵات دەنگ بدەن لەنێویشیاندا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئایەتوڵا خامەنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێك لەوانەی كە هەر زو دەنگی خۆی داو، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، داوای لە خەڵك كرد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن "دودڵ نەبن"و بۆ "سەلماندنی راستی و دروستی رژێمی كۆماری ئیسلامی، بەشداری خەڵك پێویست و ئەركە."
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمجارەی ئێران هەڵبژاردنێكی پێشوەختەو بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی ئەو سەرۆك كۆمارەیە كە بەهۆی گیانلەدەستدانی لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی هەلیكپۆتەرەكەی نەیتوانی خولی سەرۆكایەتییەكەی خۆی تەواو بكات.
مەسعود پزیشكیان، مستەفا پورمحەمەدی، سەعید جەلیلی و محەمەدباقر قالیباف ئەو چوار كاندیدەن كە دەیانەوێت ئەمڕۆ بە دەنگی ئێرانییەكان ببنە سەرۆك كۆماری نوێی وڵات.