سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: پێشوازی لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین
  2024-06-27       202       

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەكەن.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "پرۆسەی دیموکراسی جێگای شانازییە بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان و سیستمی دەستوریی فیدراڵیی دیموکراسییمان لەسەر ئیرادەی گەل و پابەندبون بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بنیاتنراوە."

ئاماژەی بەوەشداوە"هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێنەرایەتی پایەیەکی بنەڕەتی پرۆسەی دیموکراسی و گەشەسەندنی سیاسیمان دەکات و تەنها پرۆسەیەکی هەڵبژاردن نییە؛ بەڵکو دەربڕینێکی راستگۆیانەی ئیرادەی گەل و خواستی بەشداریکردنی چالاکانەیەتی لە داڕشتنی داهاتوی وڵاتەکەیان."

سەرۆكایەتی كۆمار وتوشیەتی"ئێمە پێزانینی خۆمان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕین بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو رێکخستنی ئەم پرۆسە شایستەیەی هەڵبژاردن، هیوادارین هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاكی و بێگەردی و شەفافیەت لە هەڵبژاردنەکاندا."

هەروەها داواشی لە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كردوە "بەشێوەیەکی بەرفراوان و کاریگەر بەشداربن بەمەبەستی دەربڕینی ئیرادەی راستەقینەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×