دوو كاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتى کۆمارى ئێران كشانەوە
  2024-06-27       328       

چەند كاتژمێریك پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، عەلی ڕەزا زاكانی و ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە كێبڕكێكە كشانەوە.

عەلی ڕەزا زاكانی كاندیدی نەریتخواز بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران لە بارەی كشانەوەی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

عەلی ڕەزا زاكانی بڵاوی كردوەتەوە، دوای هاوپەیمانی نێوان (سەعید جەلیلی و محەمەد باقر قالیباف) و بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوپەیمانییە، لە كاندیدبوونم بۆ پۆستى سەرۆکایەتى وڵاتەکەمان كشامەوە.

لەلایەكی دیکەوە، میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، چەند كاتژمێرێك لەمەوپێش، یەكێكی دیکە لە كاندیدەكان بەناوی ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، لە كێبڕكێكە كشایەوە.

ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، وەك یەكێك لە جێگرانی سەرۆك و سەرۆكی (دامەزراوەی كاروباری شەهیدان) كاری كردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی ٢٠٢١ خۆی كاندید كرد و نزیكەی ملیۆنێك دەنگی بەدەستهێنا.

لە ئێستادا چوار بەربژێر ڕكابەری دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئێران، کە بریتیتن لە مەسعود پزیشكیان، بەربژێری ڕیفۆرمخوازەكان لەگەڵ هەریەك لە مستەفا پور محەمەدی، محەمەد باقر قاڵیباف و سەعید جەلیلی بەربژێرانی نەریتخوازەكان.

جێگەی ئاماژەیە، سبەینێ هەینی، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەمەش پاش نزیكەی مانگێك دێت لە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرەكانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×