وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتى کۆمارى ئێران كۆتایهات
  2024-06-27       198       

لیژنەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتى وڵاتەکەمان كۆتایی هات و سبەینێ ئێرانییەكان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی دەكەن و دەنگی خۆیان دەدەن بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، كە مانگی ڕابردوو بەهۆی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرێكەوە گیانی لەدەستدا، هەروەها شەش كەسیش كاندیدن بۆ ئەو پۆستە.

لیژنەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی ئێران لە بارەی كۆتایی هاتنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران و دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ بەپێی ماددەی ٦٦ى یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، ماوەی بانگەشەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆتایی هات و سبەینێ ئێرانییەكان بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی دەكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەنجومەنی پارێزەران كە دەستەیەكی پیاوانی ئایینی و یاساناسانە، لە كۆی ٨٠ كاندید شەش كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران پەسەند كرد، كاندیدەكان بریتین لە: محەمەد باغر قالیباف، ئەمیر حسێن غازیزادە هاشمی، عەلی ڕەزا زەكانی، مستەفا پور محەمەدی، سەعید جەلیلی و مەسعوود پێزشكیان.

دەشڵێن، پێویستە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بە ڕەچەڵەك ئێرانی و هاووڵاتی ئێران بێت و كەسایەتییەكی دیاری سیاسی یان ئایینی بێت، هەموو هاووڵاتییەكی ئێرانی سەروی ١٨ ساڵ مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەیە.

باس لەوەشكراوە، لە هەڵبژاردنی ٢٨ـی ئەم مانگەی ئێران سەرجەم دەنگەكان بە دەست ئەژمار دەكرێن، بۆیە بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامی كۆتایی ڕاناگەیەنرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەگەر هیچ كاندیدێك لە ٥٠٪ـی دەنگەكانی بەدەست نەهێنا، ئەوا خولی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو كاندیدەدا دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ١٩ـی ئایاری هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری ئێران و شاندی یاوەری لەكاتی گەڕانەوەیان لە ئازەربایجان كەوتەخوارەوە دوای زیاتر لە ١٠ كاتژمێر گەڕان توانرا تەرمی سەرۆك كۆماری ئێران و شاندی یاوەری بدۆزرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×