باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و حكومەتی عێراق ئامادەی هەمو پشتیوانییەكە بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنەكە.
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران جەخت لە پشتیوانیكردنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوەو پێشوازیش لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات بۆ دیاریكردنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتودا.
عەوادی وتوشیەتی، حكومەتی عێراق تەواوی ئامادەكاری خۆی دەردەبڕێت بۆ پشتیوانیكردنی پێداویستییەكانی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەمو هەوڵێكیش دەخاتەگەڕ بۆ بەهێزكردنی بەشداری گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكە لە هەڵبژاردنەكە لەپێناو ئەوەی ئەنجامەكانی گوزارشتی راستەقینە بن لە ئیرادەی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان و نیشاندەری دەسەڵاتە ئازادو دیموكراسییەكانی گەل بێت و هەورەها لەپێناو هەنگاونان بۆ پتەوكردنی سەقامگیری و پەرەپێدان و هێنانەدی خواستی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم.
وتەبێژی حكومەتی عێراق وتوشیەتی، حكومەت جەخت لە پشتیوانیكردنی كاراكردنی گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەكانی هەرێم و هەمو ئەو رەوتانە دەكاتەوە كە هەوڵدەدەن بۆ كاری نیشتمانیی هاوبەش لەسایەی چەتری یاساو دەستورو ناسنامەی نیشتمانیی یەك عێراقدا.