تۆماس سەیلەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
سەیلەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی نووسیوە و دەڵێ" پێشوازی لە دیاریکردنی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەم".
ئاماژەشیداوە، لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، هەموو لایەنە چالاکەکانی سیاسی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
هەر لە پەیامەکەیدا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا نووسیویەتی: سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە شەرعییەتێکی دیموکراسیانە بۆ بڕیارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی وادەی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکردووە کە پرۆسەکە لە 20-10-2024 بەڕێوە دەچێت.
هەر دوای کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکوومەتدا هاتووە "ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە".