بهگوێرهى ههواڵێكى میدیاى نزیك لهپارتى، گەشتیارانی ئەو فڕۆکەیەی لەهەولێرەوە بەرەو بەغدا فڕین، لەنێو فڕۆکەخانەکە ڕێگەیان پێنەدرا دەربازی نێو بەغدا ببن، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش دەڵێت، بەگوێرهى زانیارییەکانی بەئەوان گەیشتوە، بەهۆی نیشتنەوەی دوو فڕۆکەی حاجییان، بوەتە قەرەباڵغی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانو گەشەپێدانی پەرلەمانی عێراقیش داوای ئەوە دەکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بکرێت.
دوێنێ سێشەممە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقییە کە لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەکۆمەڵێک گەشتیارەوە بەرەو بەغدا فڕی، لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا ڕێگەیان پێنەدرا دەربازی نێو بەغدا ببنو دوچاریی تەنگە نەفەسیو باری تەندروستی خراپبونەوە بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەی دروستبوو.
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاگەیاند، بەگوێرهى زانیارییەکانی بەئەوان دراوە، ئەو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عیراقییە کە لەهەولێرەوە بەرەو بەغدا فڕیوە، هیچ کێشەیەکی نەبوە، تەنها لەبەرئەوەی دوو فڕۆکەی حاجییان لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتونەتەوە، قەرەباڵغی لەفڕۆکەخانەکە دروستبوە، بۆیە ڕێگریی لەگەشتیارانی نێو ئەو فڕۆکەیە کراوە کە لە هەولێرەوە چوە، دەربازی نێو فڕۆکەخانەکە ببن.
حوسێن قاسم خەفاجی سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانو گەشەپێدان لەسەر ڕاگرتنی گەشتیارانی نێو ئەو فڕۆکەیەی لەهەولێرەوە چوە بۆ بەغدا، بەنوسراوێکی فەرمی، هەر ڕۆژی سێشەممە داوای لە وەزیری گواستنەوە کردوە، بەگوێرهى مادەی 27 لەیاسای پهرلهمانى عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دروستبکرێت کە ڕێگریی لەو گەشتیارانە کردوە کە لەهەولێرەوە چونەتە بەغدا لەڕێگەی هێڵی فڕۆکەوانی عێراقییە، لەدەرگای ژمارە 22ی فڕۆکەخانەی بەغدا بوەتە قەرەباڵغیو جەنجاڵی کە دۆخی تەندروستیی گەشتیارە بەتەمەنەکانی تێکداوە.
دەشڵێت، "ئەوە نیشاندانی دیمەنێکی ناشرینی ئەو دەروازەیەی وڵاتە، داوایکردووە ئەوانەی کەمتەرخەمییان نواندووە سزا بدرێن، چونکە نەیانتوانیووە خزمەتگوزاریی پێشکەشی گەشتیاران بکەن".