بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی "زە ناشناڵ"، سەركردەكانی بزوتنەوەی حەماس پلانیان هەیە قەتەر بەرەو عێراق جێبهێڵن، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی گوشارەكانی دەوحە لەسەریان بۆ ئەوەی نەرمی زیاتر نیشان بدەن لە گفتوگۆكانیان لەپێناو ئاگربەست لە غەززە.
ئاوێنە: رۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، مانگی رابردو حكومەتی عێراق رازی بوە بۆ ئەوەی سەركردەكانی حەماس روبكەنە وڵاتەكەی، ئەوەش لەدوای ئەوەی سەركردەكانی حەماس پلانی جێهێشتنی قەتەریان داناوە لەسەر بنەمای ئەوەی كە ئێران لە بەغدا بەرپرسیارێتی پاراستنی نوسینگەو سەركردەكانی بزوتنەوەكە لە بەغدا بگرێتە ئەستۆ.
ئەو سەرچاوانە وتوشیانە، دو تیمی ئەمنی و لۆجیستی سەربە بزوتنەوەی حەماس چونەتە بەغدا بۆ سەرپەرشتیكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ئەم هەنگاوە.
بەپێی رۆژنامەكە، ئەم هەنگاوە مانگی رابردو لەنێوان ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و نوێنەرانی حكومەتی عێراق و ئێران، گفتوگۆی لەسەر كراوە.
"زە ناشناڵ" ئاماژەی بەوەداوە كە دو پەرلەمانتاری دیاری عێراق و سەرۆكی پارتێكی سیاسی كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ گروپە میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق هەیە، ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانە پشتڕاستكردۆتەوە.
یەكێك لە پەرلەمانتارەكان وتوشیەتی، مانگی رابردو ئەو هەنگاوە بەشێوەیەكی دورودرێژ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان ئیسماعیل هەنیەو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا باس گفتوگۆی لەسەر كراوە.
بەڵام پەرلەمانتارێكی دیكەیان وتویەتی، لەنێو لایەنە سیاسییە عێراقییەكاندا كۆدەنگی نییە لەبارەی گواستنەوەی حەماس بۆ بەغدا، چونكە بەشێكیان بەتایبەت كوردەكان و هەندێك لە سوننەكان دەترسن ئەوە ببێتە مایەی قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا.
لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بەڵام وێڕای نەبونی كۆدەنگی، پاشگەزبونەوە لە بڕیارەكەی حكومەت بۆ میوانداریكردنی حەماس، نییە."
یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی و سەركردەیەكی سیاسی عێراقی بە رۆژنامەكەیان وتویەتی، بەغدا پێشوازی لەو بیرۆكەیە دەكات كە حەماس ئامادەییەكی ئاستبەرزی لە عێراق هەبێت و وتوشیانە، بەڵام تاوەكو ئێستا سەركردەكانی حەماس وادەیەكی بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوە دیاری نەكردوە، لەكاتێكدا بزوتنەوەی حەماس لەم مانگەدا، نوسینگەی سیاسی خۆی بەسەرۆكایەتی محەمەد ئەلحافی لە بەغدا كردۆتەوە.
بەپێی رۆژنامەكە، حەماس پلانی ئەوەی هەیە لەم چەند هەفتەیەدا نوسینگەی راگەیاندنی خۆی لە بەغدا بكاتەوە.