عەبادی: لە عێراق ئەگەری كودەتای سەربازی هەیە
  2024-06-25       684       

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر پێی وایە ئەگەری رودانی كودەتای سەربازی لە عێراق هەیە، دەشڵێت، زۆبەی خەڵكیش پێشوازی لێدەكەن ئەگەر كودەتاچییەكە سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بخاتە زیندانەوە.

ئاوێنە: حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلشەرقیە، وتی، مەترسی رودانی كودەتای سەربازیی هەیە كاتێك خەڵك دژی پڕۆسەی سیاسی و هێزە سیاسییەكان دەوەستنەوە. لەم دۆخەدا رەنگە كەسێكی سەربازی كە خاوەنی پشتیوانییەكی پێویست بێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت، دواتریش زۆبەی خەڵك پێشوازی لێدەكەن بەتایبەت ئەگەر سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بخاتە زیندانەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر وتیشی"من هۆشداری دەدەمە برایانمان كە دۆخە سیاسییەكەو پەیوەندی لەگەڵ خەڵك نەگەیەنینە ئەو ئاستەی كە خەڵك ناچار بێت پێشوازی لە كودەتای سەربازی بكات لەپێناو رزگاربون لەو دۆخە."

لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەگەری هەیە گروپە چەكدارەكان بە كودەتای سەربازی هەڵسن، عەبادی وتی"پێموایە گروپە چەكدارەكان سەركەوتو نابن لە ئەنجامدانی كودەتادا، چونكە یەك لەدژی ئەویترن، ئەوەش وادەكات یەكێكیان ببێتە پارسەنگی ئەویتریان. بەڵام ئەگەر لەلایەن كەسایەتییەكی سەربازییەوە بێت كە خاوەن پشتیوانی پێویستی دامەزراوەی سەربازی و خەڵك بێت، پێموایە لەم حاڵەتەدا دەكرێت كودەتا روبدات."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×