پێگەی دیفێنس نیوزی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان بڵاویکردوهتەوە، ئێران لەگەڵ ڕوسیا گەیشتوهتە ڕێککەوتنێک بۆ کڕینی 15 کۆپتەری نوێ بۆ بەکارهێنان لەخزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکاندا، بەشێوەیەک ئەمساڵ یەکەم چوار هێلیکۆپتەری ڕادەستدەکرێت.
لەوبارەیەوە، بابەک مەحمودی سەرۆکی ڕێکخراوی فریاگوزارییو بەهاناوەهاتنی ئێرانی (مانگی سوری ئێرانی) رایگەیاندوە، ئێران گرێبەستی کڕینی 12 هەلیکۆپتەری فریاگوزاریی بەتوانای بینینی شەوانەو سێ کۆپتەری ئاگرکوژێنەوە واژۆکردوە، گرێبەستەکە لەمانگی نیسانی 2024 بەتێچوی 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی واژۆکراوە.
پێگەکە باسی لەوەکردوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێرانو حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانو بەرپرسانی دیکە لە 19ی ئایاری 2024 لەکاتی فڕینی هێلیکۆپتەرێکی کۆنی بێڵ 212 کە لەئەمریکا کڕدرابوو، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکەوە گیانیان لەدەستدا، بەڵام گرێبەستی هێلیکۆپتەرە نوێیەکە تەنها چەند هەفتەیەک پێش ڕوداوەکە کراوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ مۆدێرنکردنی فڕۆکەگەلەکەی پێش ڕودانی کارەساتەکە لەئارادا بوە.
ئەو هێلیکۆپتەرە نوێیەی لەڕوسیا کڕدراوە بریتییە لە Mi-8 یان Mi-17 (مۆدێلی هەناردەکردن) لەلایەن مەکتەبی میل دیزاینکراوەو لەکارگەی هێلیکۆپتەرەکانی کازان دروستدەکرێت.
باس لەوەدەکرێت، لەئێستادا ئێران سێ هەلیکۆپتەری گەڕانو فریاگوزاری (SAR)ی جۆری Mi-17V-5 (SAR)ی هەیە کە لەلایەن کارگەی هەلیکۆپتەرەکانی کازانەوە بەرهەمهێنراونو پێنج فڕۆکەی دیکەی جۆری Mi-171 کە لەوێستگەی فڕۆکەوانی ئولان ئودێ بەستراون.