درەنگانی شەوی ڕابردوو حووسییەكانی یەمەن لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان و مووشەكێکەوە دوو كەشتی بازرگانی بەریتانیایان لە دەریای سوور و زەریای هیندی كردە ئامانج، هێزی دەریایی بەریتانیایش دەڵێت، سەبارەت بە ڕووداوەكە ڕاپۆرتمان پێگەیشتووە.
حووسییەكانی یەمەن و هێزی دەریایی بەریتانیا لە بارەی چەند هێرشێکى نوێ لە دەریای سوور و زەریای هیندی زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
حووسییەكانی یەمەن بڵاویان كردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان و مووشەكەوە دوو كەشتییەكی بازرگانی بەریتانیایان لە زەریای سوور و زەریای هیندی كردووەتە ئامانج، یەكەمیان لە دەریای سوور بوو و هێرشەكە بۆ سەر كەشتیی ترانس وۆرلد ناڤیگەیتەریان ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێرشی دووەم دیسانەوە بۆ سەر كەشتییەكی بارزگانی جۆری “STOLT SEQUOIA” بەریتانیا بووە لە زەریای هیندی، هەروەها ئامانجەكەیان پێكاوە، ئەو كەشتیانە خاوەندارێتییان لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەكرا، كە بڕیاری قەدەغەكردنی چوونە ژوورەوەی بەندەرەكانی فەڵەستینیان پێشێلكردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كشانەوەی كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی ئایزنهاوەر لە دەریای سوورلە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانمانەوە بووە.
هێزی دەریایی بەریتانیاش دەڵێت، ڕاپۆرتێكمان لەبارەی ڕووداوەكەی باشووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن پێگەیشتووە.
جێگای ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حوسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.