هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوچەیەکی پارێزگای لوڕستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و کچێکی ١٨ ساڵیان کوشت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە گوندی گوێژەی شاری نورئاوا لە پارێزگای لوڕستان بەپاساوی بوونی ماددەی هۆشبەر هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتییەک، دەشڵێن: دوای درووستبوونی دەمەقاڵی لە ئەنجامدا کچێکی ١٨ ساڵ لەلایەن ئەو هێزەوە لەناو ماڵەکەدا کوژراوە.
لە بڵاو کراوەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە گوندی گوێژەی شاری نورئاوا لە پارێزگای لوڕستان بەپاساوی بوونی ماددەی هۆشبەر هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بەناوی شوکرڕەزا رەحمانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای درووستبوونی دەمەقاڵی لە نێوان خاوەن ماڵ و ئەمنەکاندا لە ئەنجامدا ئەو هێزە کچێکی ١٨ ساڵانیان بەناوی ڕازیە ڕەحمانی لەناو ماڵەکەدا کوشتووە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵێک یەکێک لە ئەمنەکان ڕاستەوخۆ تەقەی لەسەری ڕازیە کردووە و دەستبەجێ لەوێدا گیانی لە دەستداوە.