وەزارەتی ناوخۆ: لە سێ ساڵی رابردوودا 644 کەس رەگەزنامەی عێراقییان وەرگرتووە
  2024-06-24       251       

وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 644 کەس بەهۆی هاوسەرگیریی، 10 ساڵ ژیان بە مافی نیشتەجێبوونەوە یان لەدایکبوونەوە رەگەزنامەی عێراقییان وەرگرتووە".

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 576 کەس بەهۆی هاوسەرگیرییەوە رەگەزنامەی عێراقییان وەرگرتووە، کە مەبەست لەو کەسە بیانیانەکە کە لەگەڵ هاوڵاتیەکی عێراقی هاوسەرگیرییان کردووە؛ هەروەها 54 کەس بە گوێرەی ماددەی 6ی یاسای رەگەزنامەی عێراقی رەگەزنامەیان وەرگرتووە، ئەو یاسایەش تایبەتە بەو کەسانەی ماوەی 10 ساڵ لە عێراقدا دەژین و لەو ماوەیەشدا مافی نیشتەجێبوونیان هەیە.

میری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 14 کەسیش بە گوێرەی ماددەی 5 لە یاسای رەگەزنامەی عێراقی رەگەزنامەی عێراقییان وەرگرتووە، ئەو مادەیەش تایبەتە بەو کەسە بیانیانەی لە عێراق لەدایکبوون و منداڵێکیان دەبێت، ئەویش لە عێراق لەدایک بووە، پاش 18 ساڵ لە مانەوەی لە عێراق رەگەزنامەی پێدەدرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×