سزای لەسێدارەدانی گۆرانیبێژێكی ئێرانی هەڵوەشێنرایەوە
  2024-06-22       275       

دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازیی خەڵكی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری ئەو گۆرانیبێژە، ئەمڕۆ شەممە، لە هەژماری خۆی لە ئێكس، وتویەتی، وەك چاوەڕوان دەكرا دادگای باڵای وت، رێگری لە هەڵەیەكی قەرەبونەكراوەی یاسایی كردو سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی رەتكردەوە.

ئەو پارێزەرە وتوشیەتی، دادگای باڵای ئێران لە بڕیارەكەیدا لەپاڵ رەتكردنەوەی سزای لەسێدارەدانەكە، جەختی كردۆتەوە كە تەنانەت سزای شەش ساڵ و سێ مانگەكەی پێشوی توماج، پێچەوانەی یاسایە.

هەواڵی دەرچونی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی لەلایەن دادگاوە لە مانگی چواری ئەمساڵ بڵاوبوەوەو كاردانەوەی بەرفروانی لەناوخۆی ئێران و لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.

توماج ساڵحی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد، چالاکوانێکی سەرسەخت بو لە نێوخۆی ئێران کە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و کەسانی دەستبەسەرکراو دەكرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×