سەرکردایەتی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان چوار کەشتی بێکەشتیوان و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سوور لە ناوبردووە، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستە کرابوون.
لەبارەی لەناوبردنی چوار کەشتی بێ کەشتیوان و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سەرکردایەتی سەربازیی ناوەندی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانیان چوار کەشتی بێکەشتیوان و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سوور لە ناوبردووە، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستە کرابوون، چالاکییەکان هیچ زیانێکی گیانیی یاخود ماددیی نەبووە.
هاوکات بەرپرسانی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای ناوەڕاست، دوێنێ ڕۆژی پێنجشەمە پشتڕاستیان کردەوە، کە کەشتییەکی بارهەڵگر لە ١٢ـی مانگی حوزەیراندا، لە ڕێی موشەکێکی حوسییەکانەوە لێیدراوە، کارمەندێکی سەر کەشتییەکە کوژراوە، کەشتییەکەش سەر بە یۆنان بووە بە ناوی (MV Tutor) و خەڵوزی پێ بووە و بە ئەگەری زۆرەوە کەشتییەکە نقووم بووە.
پێشتر لەم مانگەدا دەزگای هەواڵگری بەرگریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکیدا وتی: هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییە بازرگانییەکان زیانی بە بازرگانی و هەوڵەکانی یارمەتییە مرۆییەکان گەیاندووە، ئەمەش سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە.