لەسەر ساختەكردنی پسوڵەی كڕین، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێكردن لە پاڵاوگەی بێجی دەستگیركران
  2024-06-20       215       
پاڵاوگەی بێجی

دەستەی نەزاهەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیركردنی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێكردنی لە پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند ئەوەش بەتۆمەتی ساختەكردنی پسوڵەی كڕین.

ئاوێنە: نوسینگەی میدیاو پەیوەندییەكانی حكومەت لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو تیمەی كە چونەتە پاڵاوگەی بێجی دەستیان بە لێكۆڵینەوەو كۆكردنەوەی زانیاریی كردوە لەبارەی لیژنەی جێبەجێكردنی پاڵاوگەكە كە هەڵساون بە ساختەكردنی پسوڵەكانی كڕین.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تیمەكە لەدوای وردبینیكردنی زانیارییە بەدەستهاتوەكان گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە ئەندامانی لیژنەكە هەڵساون بە رێكخستنی چەندین پسوڵەی كڕینی وەهمی بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی میوانحانەی ناو پاڵاوگەكە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو پسوڵانەی كڕین كە بانگەشەی ئەوە كراوە لە دوكان و نوسینگەكان وەرگیران، راست نەبون كە لەلایەن پێنج تۆمەتبارەوە هاوپێچی مامەڵەكانی خەرجكردنی پارە كراون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، تۆمەتبارەكان پێكدێن لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێكردنی پاڵاوگەكە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەر پێنج تۆمەتبارەكە دەستگیركراون و دەستیشگیراوە بەسەر پسوڵە ساختەكانی كڕیندا، چونكە بەئەنقەست زیانیان بە پارەو بەرژەوەندییەكانی ئەو شوێنە گەیاندوە كە كاری تێدادەكەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تۆمەتبارەكان لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری راگرتنیان دراوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×