بەرەی بەناو "موقاوەمەی عێراق" جارێکی دیکە جەختی لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەسەر هەڵوێستەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە هەبوون و هەژموونی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوام دەبن.
بەرەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردووتەوە و ئاماژەیداوە، هەماهەنگییەکانی موقاوەمە کۆبوونەوەیەکی نائاساییان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی کردووە، مەبەستێکی کۆبوونەوەکەش ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتییە لەوەی چی لەم دەوروبەرە ڕوودەدات.
هەروەها ئاماژەیداوە، کە چوار مانگ لەمەوبەر دەرفەتێکیان بە حکوومەتی عێراق دابوو بۆ دانانی خشتەیەکی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەربۆیە لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لە دەرکردنی هێزە بیانییەکان کردووە و ڕاشیانگەیاندووە، لە هەڵوێستەکەیان بەردەوام دەبن لە پێناو گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق، ڕێگری کردن لە خراپ بەکارهێنانی ئاسمانەکەی.
بەرەی بەناو موقاوەمەی عێراق دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر کەرتی غەززە وەک پشتیوانییەک لە چەکدارانی حەماس، بنکە و بارەگاکانی سوپای ئەمەریکای لە ناوخۆی عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریا کردە ئامانج، بەڵام دوای ئەمەریکا چەند جارێک لە سنووری سووریا و ناوخۆی عێراق گرووپەکانی سەر بە موقاوەمەی کردە ئامانج، بەرەی بەناو "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" چوار مانگ لەمەوبەر، ئاگربەستێکی ڕاگەیاند و هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگرت و ڕایگەیاند، دەبێت حکوومەتی عێراق دانوستاندن بکات بۆ دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
تاوەکوو ئێستا چوار گەڕی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بۆ پرسی کۆتایی هێنان بەئەرکی هێزە بیانییەکان بەڕێوەچووە، لە دوای کۆبوونەوەدا کە ناوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵ بوو، قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزە بیانییەکان، ڕێککەوتنیش کراوە لە سەر پێکهێنانی سێ لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ جموجووڵەکانی داعش، هێڵی بەرەنگاریی لە بیابانەکان و سنووری عێراق و سووریا .
کۆبوونەوەی هەماهەنگییەکانی بەرەی بەناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە کاتێکدا ئیدارەی ئهمهریكا لە تازەترین بڕیاریدا (بزووتنەوە ئهنساروڵڵا ئهوفیا) و ئەمیندارەکەی کە ناوی حەیدەر عەزاوییە خستە لیستی تیرۆر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەو گرووپە چەکدارییە کە له لایهن ئێرانهوه پشتیوانی دهكرێت و دهستیان له كوشتنی خۆپیشاندهران و هێرشكردنه سهر بنكه سهربازییهكانی ئهمهریكا له عێراق و ناوچهكهدا ههبووه.