كەنەدا سوپای پاسدارانی ئێران وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" دەناسێنێت
  2024-06-19       168       
دیدارێكی عەلی خامەنەیی، راپەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای پاسداراندا

حكومەتی كەنەدا ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە نێو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.

ئاوێنە: دۆمینیك لێبلان، وەزیری ئاسایشی گشتی كەنەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی بڕیاریداوە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە نێو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەپێی یاسای تاوانی كەنەدا.

وتیشی، وڵاتەكەی هەمو ئامڕازێكی بەردەست بەكاردەهێت بۆ روبەڕوبونەوەی چالاكییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە كەنەدا.

بەپێی یاسای تاوانی كەنەدا، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی كە بە تیرۆریستی دەناسرێن، وەك تاوان دەژمێردرێت و ئەو رێكخراوانەی دیكەش رێگری لە چالاكییەكانیان دەكرێت كە پەیوەندییان بە رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە هەیەو رێگری لەو كەسانەش دەكرێت بچنە نێو كەنەدا كە پەیوەندییان پێیانەوە هەیەو پارەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانیش لە بانكەكان بلۆك دەكرێن.

وەزیرە كەندییەكە جەختی كردەوە كە دەركەوتوە سوپای پاسدارانی ئێران "پێشێلی مافەكانی مرۆڤ لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەكات."

لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵدا سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لەبەردەم گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی كەسوكاری قوربانیانی ئەو فڕۆكە مەدەنییە ئۆكرانییەی كە لە ساڵی 2020 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە ئاسمانی تاران خرایە خوارەوە، رایگەیاند، كراوەیە بۆ ئەگەری ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی.

لەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییە مەدەنییەكە سوپای پاسداران رایگەیاندبو كە بەهەڵە خراوەتەخوارەو وەك ئامانجێكی دژبەر سەیركراوە. 

لە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە كەندییەكەدا 176 كەس كوژران كە 55 كەسیان هاوڵاتی كەنەدی بون و 30 كەسیشیان خاوەنی مافی مانەوەی هەمیشەیی بون لەو وڵاتە.

لەو كاتەوە كەسوكاری قوربانییە كەنەدییەكان داوا دەكەن حكومەتی ئەو وڵاتە، سوپای پاسدارانی ئێران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×