سەرۆکی تایوان ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لەوەکردەوە کە ئەو دورگەیە خۆبەڕێوەبەرە "مل نادات" بۆ فشارەکانی چین، دهشڵێت، "پێویست ناکات بە فەرمی سەربەخۆیی تایوان ڕابگەیەنێت، چونکە تایوان لە بنەڕەتدا سەربەخۆیە".
لای چینگ تی، سەرۆکی تایوان لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کۆتایی مانگی یەکەمی خولەکەیدا سازکرا، ڕایگەیاند، "لکاندنی تایوان به چین سیاسەتێکی نیشتمانی کۆماری گەلی چینە، جگە لە هێزی سەربازی (حکومەتی چین) زیاتر پەنا دەباتە بەر شێوازی زۆرەملێی ناتەقلیدی بۆ هەوڵدان بۆ ناچارکردنی تایوان بۆ ملکەچبون، بەڵام تایوان ملکەچی فشار نابێت".
ئاماژهی بهوهشكرد، گەلی تایوان بە توندی بەرگری لە سەروەری نەتەوەیی دەکات و شێوازی ژیانی دەستوری و ئازاد و دیموکراسی خۆیان دەپارێزن.
چین دهڵێت، ئەو مانۆڕە سەربازییانەی کە چەند ڕۆژێک دوای دەستبەکاربونی لای لە 20ی (ئایار/5)دا وەک سەرۆکی تایوان دەستیپێکردوە، وهك پیشاندانی رهتكردنهوه و قبوڵنهكردنه بۆ "دانپێدانان بە سەربەخۆیی تایوان".
لە ماوەی 48 کاتژمێردا چین کەشتی جەنگی و فڕۆکە و سەرباز و موشەکهەڵگرەکانی لە گەمارۆیەکی ھاوشێوەی دورگەکەدا کۆکردەوە.
پەکین داوای یەکگرتنەوەی "ئاشتیانە"ی ئەو دورگەیه دەکات کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 23 ملیۆن کەسە، بەڵام بەکارهێنانی هێز بەدور ناگرێت ئەگەر پێویست بو بۆ بەدیهێنانی ئەوە.
دوای مانۆڕەکان، پەکین بەڵێنیدا فشاری سەربازی لەسەر دورگەکە بەردەوام بێت "تا ئەو کاتەی ئیستفزازی پەیوەست بە سەربەخۆیی تایوان بەردەوام بێت".
تایوان کە بە کەناڵێکی تەسک لە چین دابڕاوە، خاوەنی حکومەت و سوپا و دراوی تایبەتی خۆیەتی.
لای کە چین بە "جیاخوازی مەترسیدار" دەزانێت، وتی، پێویست ناکات بە فەرمی سەربەخۆیی تایوان ڕابگەیەنێت، چونکە تایوان "لە بنەڕەتدا سەربەخۆیە".