نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، دەڵێت: ئەوەی تا ئێستا زاندراوە، 4 سەرنشینی کوردی نێو بەلەمەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوەو تەرمی سیانیان دۆزراونەتەوە، هەروەها شەش کوردی دیکەش کە سەرنشینی بەلەمەکە بون ڕزگارکراون.
ئاوێنە: ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئەمڕۆ سێشەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند، "لە یەکەم ساتی کارەساتی بەلەمەکە لەسەر هێڵ بوین، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانییان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنان دەکرێت."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە دا، ئەو کوردانەی سەرنشینی بەلەمەکە بون ئەوەی زاندراوە تا ئێستا 4 کەس گیانیاین لەدەستداوە و تەرمی سیانیان دۆزراونەتەوە، هەروەها شەش سەرنشینی کوردی دیکەش ڕزگارکراون و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیان.
وتیشی: نازاندرێت چەند کەس سەرنشینی بەلەمەکە بون، بەڵام زۆرینەیان عەرەبی سورین، هەروەها سەرەتا ماتۆڕی بەلەمەکە گڕی گرتوە و بەمهۆیەوەش بەلەمەکە نوقمبوە، ئێستە دادوەری ئیتاڵیا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دۆسیەکە.
وتیشی، سبەی دەڕۆینە ئەو شوێنەی کە کارەساتەکەی لێ ڕویداوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە بکەین.