دەیان حاجی بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە
  2024-06-18       334       

تەلەفزیۆنی سعودیە، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، حاجیان لە كەشوهەوایەكی زۆر گەرمدا رێوڕەسمەكانی حەج بەڕێدەكەن و بەوهۆیەوە ژمارەیەك حاجی گیانیان لەدەستداوە كە بەرزترین پلەی گەرما لە ناو مەككە گەیشتۆتە 51.8 پلەی سەدی.

هاوكات ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە كە بەهۆی پلەكانی گەرماوە دەیان حاجی گیانیان لە مەككە لەدەستداوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن وتویەتی، شەش هاوڵاتی ئوردنی لەكاتی حەجدا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە ژمارەی ئەو حاجییە ئوردنیانەی كە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 14 حاجی بەبێ ئەوەی هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەوانی دیكە ئاشكرابكات.

هەروەها میدیای رەسمی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاماژەی بەوەداوە كە 11 حاجی ئێرانی لە سعود گیانیان لەدەستداوەو 24 حاجی دیكەش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە بەڵام هۆكاری مردن و تێكچونی باری تەندروستی حاجیانی وڵاتەكەی ئاشكرا نەكردوە.

هەروەك دوێنێ دوشەممە، ئاژانسی هەواڵی سنیگال بڵاویكردەوە، لەماوەی حەجدا سێ حاجی وڵاتەكەیان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.

هەر دوێنێش راگەیەندرا كە 136 هاوڵاتی ئەندەنوسی لە حەج گیانیان لەدەستداوەو سێ لەوانە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە مردون.

جەمیل ئەبو عەینەین، سەرپەرشتیانی گشتی بەڕێوەبەرایەتی فریاگوزاری و كارەسات لە وەزارەتی تەندروستی سعودیە بە رۆیتەرزی وتوە، وەزارەتەكەیان چارەسەری بۆ زیاتر لە دو هەزارو 700 حای كردوە كە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە باری تەندروستییان تێكچوە.

دوێنێ لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعودیە هۆشدارییان دا لە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لە مەككە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم تاوەكو دوێنێ 10 حاجی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆش گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەكی دیكەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مەككە راگەیەندرا بەڵام دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایەو دەوترێت بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردوە.

پێدەچێت ژمارەی ئەو حاجیانەی هەرێمی كوردستان كە لە حەج گیانیان لەدەستداوە زیاتر بێت بەوپێیەی بۆ ئەمساڵ ژمارەیەك حاجی بەبێ ڤیزای رەسمی حەج و بە ڤیزای گەشتیاری یاخود ساڵی چونەتە سعودیە بۆ ئەنجامدانی حەج و وەزارەتی ئەوقافیش سۆراخی ئەوانە دەكات كە لە حەج دیار نەماون و یاخود مردون و ئەوان ئاگادارنین.

هەر دوێنێ سەرپەشتیاری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا داوای لە كەسوكاری ئەو حاجیانەی هەرێمی كوردستان كرد كە بە ڤیزای گەشتیاری یان ساڵی گەشتیان كردوەو لە سعودیە ونبون یان دەستگیركراون یاخود مردون، پەیوەندییان پێوە بكەن بەمەبەستی سۆراغ كردنیان.



 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×